وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئیدانەی هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەکات و رایگەیاندووە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و رێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە، لە رێگای درۆنی بۆمبرێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک. هەر چەندە  هێرشەکان زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بە تووندی ئەم هێرشە تیرویستیانە ئیدانە و شەرمەزار دەکەن، کە وەک سامانە سروشتییەکان دەڵێت: مەبەست لێی، لێدانی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لەسەر سەلامەتی کارمەندانی مەدەنی کەرتی وزە.

داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، "بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و رێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان".

دەشڵێت: هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزە و پێگەی ستراتیجیمان لە دابینکردنی سەقامگیری وزە لە ناوچەکە و جیهان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، سەعات 6:00 و 6:15ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

هەر بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 7:00، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جگە لە زیانی ماددی کە بە کێڵگەکان کەوتن، هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە.