لە زاخۆ بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی پێشخابور و تاوکێ و تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاندووە، سەعات 6:00 و 6:15ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 7:00، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، جگە لە زیانی ماددی کە بە کێڵگەکان کەوتن، هیچ زیانی گیانییان لێ نەکەوتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە لەرێگەی درۆنەوە هێرشدەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و دوێنێش بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی چەمانکێ لە سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.

بەدەر لەوەش، زوو زوو درۆن لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەکەوێتە خوارەوە.

لەبارەی هێرشە درۆنییەکانەوە دوێنێ سێشەممە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەکەین لە سەرانسەری عیراق، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی 14 و 15 مانگی تەموزیشەوە بۆ سەر ژێرخانی گرنگی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و سەرسەنگ لە ھەرێمی کوردستانی عیراق".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە حکومەتی عیراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ رێگریکردن لە میلیشیا و گروپە چەکدارەکانی تر بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا.