کارەبای 24 سەعاتی بۆ 14 گەڕەکی دیکەی سلێمانی دابین کرا
رەوەز
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی روناکیدا، کارەبای 24 سەعاتی بۆ 14 گەڕەکی دیکەی شاری سلێمانی دابین کراوە.
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی کارەبا، ئەم گەڕەکانەی خوارەوە لە خزمەتگوزاری کارەبای بەردەوامدا بەشداری دەکەن:
کازیوە 1 و 2، سەیوان، گۆیژە و گۆیژەی نوێ، هەوارە بەرزە، توی مەلیک، عەلی کەمال، ئازادی، شەهیدانی ئازادی، ئیسکان، ئیسلاح، ئیبراهیم ئەحمەد نزیک مزگەوتی بەهەشت، و سەرکارێز پشت ئامادەیی سلێمانی کچان.
هەروەها چوار ستیی: گۆیژە سیتی، شاری خەونەکان، شاری دایک، و گوندی ئەڵمانی 3 یش لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوون.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم قۆناغەدا، 25,813هاوبەشی کارەبا لە سلێمانی لە کارەبای 25 سەعات سوودمەند دەبن، کە 23,733 هاوبەشی ماڵان و 2,080 هاوبەشی بازرگانی لەخۆ دەگرێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبا و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم بوارە لە پارێزگای سلێمانی دێت.