سبەی سەعات 10ی بەیانی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات و تێیدا سێ تەوەری سەرەکی تاوتوێ دەکرێن.

بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027، کە لەلایەن وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە دەخرێتە روو.

لە تەوەری دووەمدا، وەزیری پلاندانان هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی حکوومەتی عیراق سەبارەت بە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی 2024 دەکات. لەم بڕگەیەدا کاریگەریی ئەنجامەکانی سەرژمێری لەسەر دیاریکردنی رێژەی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی هەڵوێست و هەنگاوەکانی داهاتووی حکوومەتی هەرێم تاوتوێ دەکرێن.

تەوەری سێیەم و کۆتایی تایبەتە بە پرسی دارایی، تێیدا وەفدی باڵای دانوستانکار ئەنجامی دوا گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغداد بۆ گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027 و هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی شایستە دارایییەکان و رۆڵی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەو پرسەدا دەخەنە روو.