بەریتانیا هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستانی رادەستی پۆلیسی بەلجیکا کردەووە، کە گومانی لێدەکرێت دەستی هەبێت گواستنەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا و بڕیارە دادگایی بکرێت.

قادر گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی دانیشتووی شاری پیتەربۆرۆی بەریتانیایە، لە ساڵی 2024 لەسەر فەرمانی حکومەتی بەلجیکا لەلایەن دەزگای تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەستگیر کرا.

دەزگای تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێت، لەرێگەی سۆشیال میدیا و داتای تەلەفۆنیەوە، تواندرا ناسنامەی تۆمەتبارەکە بناسێنن کە ناوی (قادر)ەو لە مانگی ئایاری 2023 بەبەلەمی بچووک کەناڵی ئینگلیزی بەزاندووە و خۆی گەیاندوەتە بەریتانیا.

ئەو گەنجە لە دوو هەوڵی بەقاچاخبردنی گرووپە خێزانیەکان بۆ بەریتانیا، کە لەناو ئۆتۆمبیل شاردرابوونەوە تێوەگلاوە.

قادر خەڵکی هەولێرە لەلایەن دادوەری وێستمینستەرەوە لە 24ی ئازاردا فەرمانی رادەستکردنی بە بەلجیکا بۆ دەرچوو و لە رۆژی  پێنجشممە 24ی نیساندا بە فڕۆکە گەیەندرایە بەلجیکا و رادەستی پۆلیس کرا، بڕیارە لەبەردەم دادوەری بەلجیکادا ئامادە بێت و ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساغ بێتەوە رووبەڕووی سزای بەندکردنی چەند ساڵی دەبێتەوە.