سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم لیستی موچەی مانگی چواریان تەواوكردووە و رەوانەی گەنجینەی وەزارەتی دارایی هەرێمیان كردووە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی ناوبراو لیستەكە رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكات.

 

پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم، لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانیان تەواوكردووە و رادەستی گەنجینەی وەزارەتی دارایی هەرێمیان كردووە و بۆ گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەكان بۆ لیستی موچەكە.

 

ئەوەشی خستەڕو، بڕیارە سبەینێ رێوشوێنە یاساییەكانی لیستی موچەی مانگی چوار لە گەنجینە تەواوببێت و رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم بكرێت بۆ پێداچوونەوەی كۆتایی، دواتریش لە چەند رۆژی داهاتوودا، تیمی تەكنیكی وەزارەتی ناوبراو، لیستی موچەكە ببنە بەغداد و رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بكەن.

 

كوردسات نیوز زانیویەتی، لیستی موچەی مانگی چوار گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی تێدا نەكراوە بەراورد بە لیستی موچەی مانگی سێ، بەوپێیەش چاوەڕوان دەكرێت وەزارەتی دارایی عیراق لەماوەیەكی كەمدا وردبینییەكانی لە لیستەكە تەواوبكات و بڕیاری خەرجكردنی موچەكە بدات.