وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند کە دوو زانکۆی عیراقی چوونه‌تە ناو ریزبەندیی شەنگهای بۆ پسپۆڕییە ئەکادیمییەکان.

حەیدەر عەبد زەهد، بریکاری وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە چوونی دوو زانکۆی عیراقی بۆ ناو ریزبەندیی جیهانیی شەنگهای دەستکەوتێکی ئەکادیمیی گرنگە و دەربڕی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانی عیراق و بەهێزکردنی ئامادەییان لە گۆڕەپانی ئەکادیمیی نێودەوڵەتیدا.

بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم دەستکەوتە بەرهەمی روانگەی زانکۆ عیراقییەکانە بەرەو کوالێتی و جیاوازی و کێبڕکێی جیهانی، هاوکات وەرگێڕانی کرداریی هەوڵی سەرکردایەتیی زانکۆکان و مامۆستایان و توێژەرانە لە دروستکردنی دامەزراوەی ئەکادیمیی شیاو بۆ ئامادەیی و کێبڕکێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

سەبارەت بە پسپۆڕییەکان، روونیکردەوە لە بواری توێژینەوەدا، زانکۆی عەینی عیراقی لە پسپۆڕیی (ئەندازیاری / سەرچاوەکانی ئاو) و زانکۆی وارسی ئەنبیا لە پسپۆڕیی (زانست و ئەندازیاریی وزە) چوونه‌تە ناو ریزبەندەکەوە.

ئەم ریزبەندییە پشت بە نۆ پێوەری زانستی و ئەکادیمی دەبەستێت کە زانیارییەکانی لە ماڵپەڕی(ماڵپەڕی وێب ئۆف ساینس / کلاریڤەیت وەردەگرێت؛ کە یەکێکە لە دیارترین و باوەڕپێکراوترین سەرچاوەکانی زانیاریی زانستی لە ڕووی وردییەوە.

جەختیشی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەوڵە توێژینەوەیی و ئەکادیمییەکان کردەوە بۆ بەهێزکردنی زیاتری پێگەی زانکۆ عیراقییەکان لە ریزبەندییە جیهانییەکاندا.