ئەمڕۆ كۆبوونەوەی وەفدی ئیمڕاڵی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێم بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و تاوتوێكردنی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەستپێدەكات.

محەمەد كاماج پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد و ئەندامی شاندەكە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، وەفدی ئیمراڵی كە پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر ئەندامانی وەفدی ئیمراڵی و كەسكین بایندر هاوسەرۆكی گشتی دەبەپە و ئەندامانی فەرمانگەی یاسایی و وتەبێژی كۆمیسیۆنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی دەم پارتی، رۆژی شەممە لە رێگەی دەروازەی زاخۆوە گەیشتونەتە هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێم لە هەولێر دەستپێدەكات.

وتیشی،  دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكانی هەولێر، سێشەممە سەردانی سلێمانی دەكەن و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای یەكێتی كۆدەبنەوە. 

لای خۆیەوە سالار سەرحەد لێپرسراوی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتیش بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، وەفدەكەی دەم پارتی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و لێپرسراوانی باڵای یەكێتی كۆدەبێتەوە.

لە سەردانەكەدا ئەنجامی چاوپێكەوتنەكانی رابردوویان لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت و بۆچوون و پێشنیارەكان وەردەگیرێن، دواتر بڕیارە ئەنجامی ئەو كۆبوونەوانەش بگەیەنرێتەوە ئیمراڵی.