بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران کۆبوونەوە و  جەختان لە چارەسەری ئاشتییانە و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەفدێکی باڵای یەکێتی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەکە کرا. بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکان پێویستیان بە چارەسەری ئاشتییانە و دیالۆگی بەردەوام هەیە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی هەوڵە بەردەوامەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و هێورکردنەوەی گرژییەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان رێز لە ئاسایش و سەروەریی وڵاتانی دراوسێ دەگرێت و لەگەڵ گەلی ئێراندا مێژوویەکی هاوبەش و دێرین پێکەوە دەمان بەستێتەوە.
 
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ رۆڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتی لە هەوڵەکانیاندا بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە.