ئەمڕۆ دووهەمین دیداری یەکێتی لە موسڵ دەست بە کارەکانی دەکات
سام
١٥ی شوباتی ٢٠٢٥
لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەمڕۆ شەممە، دووهەمین دیداری یەكێتی بە ناونیشانی "بە دیدگایەكی نوێ، بەهێزی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاری" لە موسڵ دەست بە کارەکانی دەکات و یەکەمین کۆنفرانسی ئامادەکاری بەڕێوەدەچێت.
بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال و بەناونیشانی “بە دیدگایەكی نوێ، بەهێزی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاری” ئەمڕۆ کاروبارەکانی دووهەمین دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەشداری كادرانی حزب و پێكهاتە جیاوازەكان لە موسڵ بەڕێوەدەچێت.
فەهمی بورهان لێپرسراوی سكرتاریەتی دیدار بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئامانجی دیدارەكە داڕشتنەوە و تاوتوێكردنی دیدگایەكی نوێ و ئامادەكاری و خۆسازدانی یەكێتییە بۆ قۆناغێكی نوێی سیاسی و حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان، وتیشی، دیدارەكە هەوڵێكی دیكەیە بۆ بەهێزكردنی پێگە و سەنگی یەكێتی وەك حزبێكی دیارو كاریگەر لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، بەمەبەستی خۆگونجاندنی لەگەڵ كۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لە ئارادان.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر لە رۆژی 12-3-2022 بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، یەكەم دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی دەستی بەكارەكانی كرد، كە 14 لیژنە بە نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژ و كەرتە جیاوازەكان پێكهات، بۆ داڕشتنەوەی خشتەیەكی نوێی كاركردنی یەكێتی، لە رۆژی 31-5-2022 كۆتایی بەكارەكانی هات.