قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەبۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس، کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنەکانیان رەسەنەکانیان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پەسندکردنی ئەم یاسایە بەرهەمی چەندین ساڵ هەوڵ و پێداگری و پێکەوەکارکردنی لایەنە کوردستانییەکانە لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری.

دەقی پەیامەکە...

بەبۆنەی پەسەندکردنی "پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە" کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەم و سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانتارانی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هەموو ئەو پەرلەمانتار و لایەنانە دەکەم کە رۆڵیان بینیوە لە پەسندکردنی ئەم یاسایەدا.

پەسندکردنی ئەم یاسایە بەرهەمی چەندین ساڵ هەوڵ و پێداگری و پێکەوەکارکردنی لایەنە کوردستانییەکانە لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری. ئەم سەرکەوتنەش جارێکی دیکە وەبیری هەموو لایەکمان دەخاتەوە کە لە پرسە نیشتمانییەکاندا و بۆ بەدیهێنانی ئامانج و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان دەبێت نوێنەرانی کورد و لایەنە کوردستانییەکان لە بەغداد هەمیشە یەکڕیز و یەکدەنگ بن و بەبێ پێکەوەکارکردن و یەکڕیزی ناتوانین خواست و داواکارییە رەواکانی گەلەکەمان بەدیبهێنین.

هێشتا زۆر داواکاری دەستوری دیکەی خەڵکی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، ئێمە هیوادارین ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت و هاندەربێت بۆ پێکەوەکارکردنی زیاتری نوێنەرانی کورد بۆ جێبەجێکردن و دابینکردنی هەموو مافە دەستورییەکانی دیکە.

بە پێویستیشی دەزانم وەبیری هەموو لایەنە سیاسییە عیراقییەکان لە پێکهاتەکانی دیکە بخەمەوە کە هەر هەوڵێک بۆ چەسپاندنی دادپەرەوەری و نەهێشتنی ستەم متمانەی نێوان پێکهاتەکان بەهێزتر دەکات و دەرگا بەڕووی پێکەوەکارکردنی زیاتر بەرەو سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق دەکاتەوە.