سەرۆک بافڵ: گەڕاندنەوەی هەزاران دۆنم زەوی بۆ کورد و تورکمان دەرفەتێکە بۆ بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان
٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، گەڕاندنەوەی هەزاران دۆنم زەوی ناوچە جێناكۆكەكان بۆ گەلی كورد و توركمان، دەرفەتێكی گرنگە بۆ كورد تا لە داهاتوودا بەرگری لە مافی كەسوكار و هاووڵاتیان بكەن لە سەرجەم ناوچە جیاوازەكان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا سوپاسی نوێنەرانی كورد لە بەغداد دەكات بۆ یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییان سەبارەت بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی جوتیارانی كورد و توركمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
وتیشی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعسی رووخاو كە دوای 50 ساڵ لە تەعریب هەزاران دۆنم زەوی دەگەڕێنێتەوە بۆ گەلی كورد و توركمان لە سنووری ناوچە جێناكۆكەكان، دەرفەتێكی گرنگە بۆ كورد تا لە داهاتوودا بە یەكگرتوویی بەرگری لە مافی كەسوكار و هاووڵاتیان بكەن لە سەرجەم ناوچە جیاوازەكان.
سەرۆكی یەكێتی دواكاریشە هەموولایەنەكان بە رۆحێكی نیشتمانی و كوردانەوە هاوكاربن بۆ كۆتاییهێنان بەو ستەمانەی رژێمی پێشوو بەسەر گەلی كوردیدا هێنابوو، كاری پێكەوەیی هێمای بەهێزییانە و با پێكەوە هەنگاوی گەورەتر بنێن.



