دەستەی پزیشكانی دانەمەزراوی هەولێر داوای دامەزراندن دەكەن و ماوەی 10 رۆژ دەدەنە حكومەت بۆ وەڵامدانەوەی داواكارییەكەیان

لە یاداشتنامەیەكدا كە دەستەی پزیشكانی دانەمەزراو ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی و سەندیكای پزیشكانی كوردستانی كردووە، ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، لە ساڵانی رابردوودا دەرچووانی كۆلێژی پزیشكی دوای ماوەیەكی كەم لە دەرچوونیان دادەمەزران، بەڵام دەرچووانی ساڵی 2024ی كۆلێژی پزیشكی گشتی- زانكۆی هەولێری پزیشكی كە ژمارەیان 273 دەرچووە، دانەمەزراون و هیچ بڕیار و رێنماییەكیش لەبارەی دامەزراندنیانەوە نییە.

دەرچووە دانەمەزراوەكان داوا دەكەن، وادەیەكی دیاریكراو بۆ دامەزراندنیان دیاری بكرێت و  وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان زانیارییان پێبدەن لەبارەی رێكارەكانی دامەزراندنیان.

ماوەی 10 رۆژیشیان بۆ حكومەت دیاریكردووە بۆ ئەوەی وەڵامی داواكارییەكەیان بداتەوە، ئەوەیان خستووەتە روو، بە پێچەوانەوە رێگەی مەدەنی وەک خۆپیشاندان و چالاكی ناڕەزایی دەگرنەبەر .