لە روداووێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای کۆیە- هەولێر کەسێک گیانی لەدەستدا، کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەوە پێنجەم کەسە لە هەرێم بەهۆی روداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەستدابێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، روداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای کۆیە- هەولێر رویدا، کە روداوەکە پێکدادان بوو لە نێوان تانکەرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.

ئەو روداوە هاتوچۆیەی کۆیە، پێنجەم روداوی هاتوچۆی سەختە لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە هەرێم رویدابێت، لەو پێنج روداوەشدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە، درەنگانی شەوی رابردوو لە نزیک کاتژمێر ١١ی شەودا، لەسەر شەقامی سەرەکی ئیبراهیم خەلیل روداوێکی هاتوچۆ رویدا و بەهۆیەوە شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بریندار بوو.

شەوی رابردووش لە سلێمانی و لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و بە دیاریکراوی لە یەکتربڕی ئارام، ئۆتۆمبێلێک بە ھۆی تیژڕەویەوە خۆی کێشا بە ستونێکی کارەبادا و لە ئەنجامدا شۆفێرەکە گیانی لەدەستدا.

هەر دوێنێ، روداوێکدا لە گەرمیان کوڕ و باوکێک لەسەر رێگای کەلار - کفری بە روداوی هاتوچۆ ئۆتۆمبێلەکەیان گڕی گڕت و گیانیان لەدەستدا.

هاوکات لە روداوێکی دیکەدا لەسەر رێگای سەرەکی قەزای بەردەڕەش – ناحیەی دارەتوو، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل هاوڵاتیەک گیانی لەدەستدا.