هێزەکانی دژەتیرۆر CTGبە هەماهەنگی هێزەکانی هاوپەیمانان ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنی پاشماوەی تیرۆرستیان ئەنجامدا، لە ئۆپراسیۆنەکەدا چەندی حەشارگە و مۆڵگە دۆزرانەوە و لەناوبران.

هێزەکانی دژەتیرۆر CTG بڵاویکردەوە لە چوارچێوەی بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەی تیرۆریستان، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر (CTG)، هێزە هاوبەشەکان ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان ئەنجامدا.

راشیگەیاندووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بە هەماهەنگییەکی بەرزی نێوان هێزەکانی  دژەتیرۆر  CTG، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق (ICTS) و هێزەکانی هاوپەیمانان (CJTF OIR) بەڕێوەچوو، چەندین مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستان دۆزرانەوە و لەناوبران.

هێزەکانی دژەتیرۆر CTG ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە گورزێکی کاریگەری لە تواناکانی تیرۆریستان وەشاند و بووە هۆی لاوازکردنی زیاتری ژێرخانی لۆجستیی پاشماوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکە لە زنجیرە هەوڵێکی بەردەوام بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیان. دژەتیرۆر و هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.