پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگیەنراوێكدا رایگەیاندووە, لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران و توانیان دەست بگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا كە تۆمەتباران بردبوویان.

لەراگەیەنراوەكەشدا ئەوە هاتووە, دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە ئۆتۆمبێلەكەی دزراوە ، هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی و بەهاوكاری نەهێشتنی تاوانی ڕانیەو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا كە تۆمەتباران بردبوویان.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە, لە ئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون.