دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی ژنێکی راگەیاند و ئەوەی خستووەتە روو، دەست بەسەر ئەو چەکەشدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجام داوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، رۆژی ١١ی ١ لە شاری هەولێر بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ژنێک بەناوی (ژ، ی، ت) لەلایەن براکەیەوە کوژرا، کە پاش ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار هەڵهاتبوو.

ئەوەش هاتووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە دەزگاکانی راگەیاندن دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستبەجێ بەدواداچوونی ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەنجامدرا و دوای بەدەستهاتنی زانیارییەکان دەرکەوت تۆمەتباری رووداوەکە لە شاری کۆیە خۆی حەشارداوە.

ئەوەش خراوەتە روو، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا لە ١٥ی ١دا تۆمەتباری بکوژ بە ناوی (ت، ی، ت) دەستگیر بکرێت و دەست بەسەر ئەو چەکەشدا گیرا کە تاوانەکەی پێ ئەنجام دابوو.

دەزگای ئاسایشێ هەرێم راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.