مەزڵوم كۆبانێ ئامادەی رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ نابێت
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بەهۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە بۆ واشنتۆن و ئامادەبوونی لە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە رۆژی 20 ی ئەم مانگە هەڵوەشاوەتەوە.
ریم بوگامارا، رۆژنامەنووسی كەناڵی عەرەبیە بڵاویكردەوە، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەنجامداوە و تیایدا پرسیاری لێكردووە لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئامادەی رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ واشنتۆن دەبێت؟ لە وەڵامدا مەزڵوم عەبدی ئاشكرایكردووە، بەهۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە ناتوانێت ئامادەی رێوڕەسمەكە بێت.
ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت، مەزڵوم عەبدی رەتیكردووەتەوە هۆكاری ئامادەنەبوونەكەی پەیوەندی بە دۆسییەی ئەمنییەوە هەبێت.
هۆكاری نەبوونی پاسپۆرتی مەزلوم كۆبانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ساڵی 1961 ـەوە و لە سەردەمی رژێمی پێشووی سوریادا، كوردەكانی رۆژئاوا پاسپۆرت و رەگەزنامەیان بۆ دەرنەدەكرا، مەگەر بەو مەرجەی نەتەوەكەیان بگۆرن بۆ عەرەب، ئەمەش وایكردووە كوردانی سوریا بێ بەش بكرێن لە هەبوونی رەگەزنامە و پاسپۆرت.
خانەوادەی مەزڵوم كۆبانێ یەكێك بوون لەو خانەوادانەی كە ئامادەنەبوون نەتەوەی خۆیان بگۆڕن و بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی رەگەزنامەی سووری، بۆیە ئێستاش مەزڵوم كۆبانێ و خانەوادەكەی خاوەنی رەگەزنامەو پاسپۆرتی سووری نین.
بڕیارە رۆژی 20ـی ئەم مانگە، رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە واشنتۆن بەڕێوەبچێت و تیایدا ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا.