فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هاوڵاتییانی مەدەنیی لە بەنداوی تشرین دەكەنە ئامانج  و هەسەدەش دەڵێت چەند ئۆپەراسیۆنێكیان دژی سوپای توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانی ئەنجام داوە و كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە.

میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردووەتەوە، سوپای توركیا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی كردووەتە ئامانج كە بۆ پارێزگاری لە بەنداوەكە وەك قەڵغان چالاكیی دەكەن و ژمارەیەكیشیان برینداربوون.

21 چەكدار و چوار سەربازی توركیا برینداربوون

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ش بڵاویكردەوە، لە چەند چالاكییەكی شەڕڤاناندا لە دەوروبەری مەنبج 17 چەكداری سوری كوژراون و 21 چەكدار و چوار سەربازی توركیاش برینداربوون و سێ زرێپۆشیش لە لایەن شەڕڤانانەوە تێكشكێنران.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی ئەوەی هێرشەكانی توركیا دژی ناوچەكانی باكور  و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، شەڕڤانانیش دەستیان بە چالاكیی دژی سوپای توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانی دەستپێكردووە.