سەمیر هەورامی: بەهیچ شێوەیەك لەنێوان یەكێتی و پارتی باسی دابەشكاری پۆستەكان نەكراوە
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وتەبێژی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رایدەیگەیەنێت، تائێستا بەهیچ شێوەیەك لەنێوان یەكێتی و پارتی باسی دابەشكاری پۆستەكان نەكراوە، هەروەها هێشتا گرفتی تەكنیكی و سیاسی لەنێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغدا ماوە".
سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەموو ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتی و پارتی دەكەن، دوورن لەڕاستییەوە و هەتا ئێستا لەهیچ كۆبوونەوەیەكدا یەكێتی و پارتی باسیان لە دابەشكاری پۆستە حكومییەكانی كابینەی داهاتوو نەكردووە.
راشیگەیاندووە، لەنێوان یەكێتی و پارتی لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دارشتنی پرۆژەیەكی هاوبەش، بۆ شێوازی حكومڕانی لەهەرێمی كوردستان، هاوكات پاش ئامادەكردنی پرۆژەكە و پەسە ندكردنی لەلایەن هەردوولاوە، دواتر گفتوگۆی دابەشكاری پۆستەكان دەستپێدەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد: هێشتا گرفتی تەكنیكی و سیاسی لەنێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغدا ماوە و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنیان و دەمانەوێت لەساڵی 2025 دا كۆتایی بە گرفتی مووچەخۆرانی هەرێم بهێنرێت.
"بڕیارە لەمساڵدا بەسیستمی (بەیڕۆڵ) دارایی هەرێم لیستی مووچە بۆ بەغداد ئامادە بكات، كە ئەمەش بەشێكە لەو هەوڵانەی جێگری سەرۆكی حكومەت كە لە ساڵی 2016 دا بۆ بە بایۆمەترییكردنی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامیداوە و لەئێستادا سوود لەو سیستەمە وەردەگیرێت"، سەمیر هەورامی وادەلێت.
سەبارەت بە مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێمیش وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم ئاشكرایكردووە، هەرچەندە دارایی عیراق دەڵێت مووچەی هەر 12 مانگەكەی ساڵی رابردوومان بۆ هەرێم ناردووە، لەبەرامبەریشدا دارایی هەرێم ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە مووچەی مانگی 12 نەنێردراوە، بەڵام گفتوگۆكان لەسەر ئەو پرسە لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە.



