تێكۆشەر و كەسایەتیی دیاری دەڤەری كۆیە و دۆستی دێرینی سەرۆك مام جەلال و ئەندامی پێشوتری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی هەڤاڵ (مامۆستا عەلی حەوێز)، بەهۆی نەخۆشیەوە لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.

بەو بۆنە خەمناکەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەکی  ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین مامۆستا عەلی حەوێز کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی: کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین مامۆستا عەلی حەوێز

هەڤاڵانی یەکێتیی و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ماڵئاوایی یەکجارەکی هەڤاڵ عەلی حەوێز ئەندامی هەرە پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانتان پێڕادەگەیەنین.

مامۆستا عەلی سەرکردە و خەباتگێرێکی دێرینی گەلەکەمان و یەکێتیی و شۆڕشی نوێ و هەڤاڵ و دۆستی نزیکی سەرۆک مام جەلال بوو.

هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵی خەباتی نەتەوایەتی و دیموکراتی گەلەکەمان بوو. لەسەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێشەوە بەوپەڕی لە خۆبردوییەوە وەک پێشمەرگە و خەباتگێری نەبەز و سەرکردەیەکی دیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەکەمان لەم کاروانە دوور و درێژەی خەباتی پێشمەرگایەتی  و رێکخراوەییدا رۆڵی جوامێرانەی گێڕاوە.

وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی دەڤەری کۆیە و تێکڕای کوردستانیش خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ناو جەماوەر بوو.

بە داخەوە بە هۆی نەخۆشییەوە دوێنێ شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ لە شاری هەولێر لە نەخۆشخانە ماڵئاوایی یەکجارەکی لە هەڤاڵان و دۆستانیکرد و گەیشتە کاروانی نەمران.

بەم بۆنەیەوە مەکتەبی سیاسیی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی مامۆستا عەلی حەوێز و هەڤاڵانی یەکێتیی و خزمانی کۆیە دەکات.

لە خوای گەورە داواکارین  مامۆستا جێگەی بەهەشتی بەرین  بێت.

یاد و بیرەوەری هەمیشە لە دڵ و دەروونی هەڤاڵەکانی ، فەرماندە و تێکۆشەرانی کوردستاندا زیندووە و ناویشی لە تۆماری شۆرشی نوێ و کاروانی خەباتدا درەوشاوە بێت.

نەمری بۆ مامۆستا عەلی حەوێز و گشت شەهیدان و گیانبازانی یەکێتیی و تێکەڕای شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان