تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی یەكی ئامادە نەكردووە
کەژان
١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
تائێستا لیستی مووچەی مانگی یەك ئامادە نەكراوە، بەغداش دەڵێت، تاكو 20 ی مانگ دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكەن.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوز رایگەیاند، تاكو دوای تەواوبوونی دەوامی رەسمی رۆژی پێنج شەممە، هیچ ئامادەكارییەك بۆ ناردنی لیستی موچەی مانگی یەك بۆ بەغداد نەكراوە، دیاریش نییە ئەم هەفتەیە لیست ئامادە بێت و رەوانە بکرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە دەبێت هەرێم هەموو مانگێك تاكو 15 ی مانگ لیستی موچە ئامادە بكات و رەوانەی بەغدادی بكات، ئەوە جگە لەوەی كە حكومەتی هەرێم موچەی مانگی 12 شی دابەشنەكردووە و داوای پارە لە بەغداد دەكات، لەبەرامبەریشدا بەغدا دەڵێت، پارەی موچەی مانگی 12 یان رەوانە كردووە.
لەلایەكی ترەوە میدیاكانی عیراق لە زاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بڵاویانكردەوە، تاكو 20 ی مانگ دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی یەك دەكەن و ناهێڵن موچە دوابكەوێت.
سەبارەت بە موچەی هەرێمیش سەرچاوەكە رایگەیاندوە، دەكرێت موچەی هەرێم بەشێوەی سلفە رەوانە بكرێت تاكو ئەو كاتەی هەردولا دەگەنە رێكەوتن سەبارەت بەوەی ئایا ناردنی موچەی هەرێم هاوشێوەی ساڵی رابردوو دەبێت یان رێكکەوتنی نوێ دەكرێت.