وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت، چی تر رێگە نادرێت کەیسی سزادراوان و بەساڵاچووان و منداڵی خانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بڵاوبکرێتەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاساییان دەگرنەبەر.

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت کەیسی سزادراوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی کۆمەڵایەتی لە کەناڵەکانی راگەیاندن نیشانبدرێن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت، بەپێچەوانەوە رێکاری کارگێری و یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها رێگە نادرێت منداڵی خانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیان لە کەناڵەکانی راگەیاندن نیشان بدرێن، هاوکات رێگە بە هیچ هونەرمەند و رۆژنامەنووس و کەسایەتییەکی ناو سۆشیاڵ میدیا نادرێت بە مەبەستی رێکلام و بانگەشەی کەسی لەناو خانەکان ڤیدیۆ بگرێت و بڵاویبکاتەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

سەبارەت بە کەیسی خانەکانی بەساڵاچووان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختیکردەوە، رێگە نادرێت چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت و لە کەناڵەکانی راگەیاندن نیشان بدرێت، تەنها بەویستی خۆیان نەبێت، ئەویش پێویستی بە نوسراو و ئیمزای ئەو بەساڵاچووە هەیە کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرێت.