ساڵی رابردوودا خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان 100 ملیار دینار زیانیان بەركەوتووە
ئاکام
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ساڵی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دینار زیان بەر كێڵگە پەلەوەرییەكان گەیشتووە، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش دەڵێت: نەخۆشی و رێگریكردن لە ناردنی بەرهەمەكان بۆ عیراق هۆكاری زیانەكانن
نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، لە 2024دا بەهۆی نەخۆشی و رێگریكردن لە نەڕۆشتنی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكان بۆ پارێزگاكانی عیراق، خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دینار زیانیان بەركەوتووە.
وتیشی، حكومەتی هەرێم سوتەمەنی و كارەبا و ڤاكسین و عەلەف بۆ كێڵگەكە دابین ناكات، بەهۆیەوە نرخی پێداویستییەكان لە بازاڕدا زیادی كردووە و زیانێكی ترە بۆ خاوەنی كێڵگەكان .
راشیگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نەخۆشی لە كێڵگەكان بڵاوبوەتەوە، بە جۆرێك 50%ی بەرهەمی مریشك لەناوچووە.
نازم عەبدوڵا لە رێگەی كوردسات نیوزەوە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات گرنگی بەو كەرتە بدات و پشتگویی نەخات.