بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی حكومەت كۆبوونەوە
سام
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ( ئێکس) بڵاویكردەوە " لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوار شەممە كراوە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی دانوستانی نێوان یەكێتی و پارتی باسكراوە".
لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، وەفدی دانوستانكار و تەكنیكی یەكێتی و پارتی پێنج جار لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كۆبوونەتەوە، لیژنە تەكنیكییەكان رەشنوسی رێككەوتنی پێكهێنانی هەردولا بۆ پێكهێنانی حكومەت ئامادە دەكەن.
پێشتریش سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە لە حكومەتدا، گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێكردووە.