وەزارەتی پێشمەرگە هەموو جۆرە پۆست و نمایشکردنی بەجلی سەربازیەوە قەدەغەکرد
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بە مەبەستی زیاتر رێکخستنی ئەرک و کارەکانی راگەیاندن و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەربڵاوییە لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نمایشکردن بە جل و بەرگی سەربازی بە شێوەیەکی نادروست،وەزارەتی پێشمەرگە هەموو جۆرە پۆست و نمایشکردنی بەجلی سەربازیەوە قەدەغەکرد.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ لەراگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەموو جۆرە پۆست و بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە نمایش و خۆ دەرخستنێک بە شێوەیەک چالاکی کەسی ئەفسەر و فەرماندە و پێشمەرگە بە جلی سەربازی، لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کە زیان بە شکۆ و کەسایەتی فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەگەیەنێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قەدەغەیە.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هەواڵگری پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان بەدواداچوون بۆ پەیجە فەیک و نادیارەکان بکەن کە سوکایەتی بە ناو ناوبانگی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەر کەسانی سەربازی بن بە پێی یاسای سزدانی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەگەر کەسانی مەدەنی بن لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت.