کارەبای سلێمانی بۆ دانیشتووانی چەند سیتییەک: کارەبای نیشتیمانیتان دەبڕدرێت
هەساو ئەمیر
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
کارەبای سلێمانی دانیشتووانی چەند کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون 'سیتییەکان' ئاگادار دەکاتەوە و رایگەیاندووە، ئەگەر بە رەسمی هاوبەشی کارەبا نەکەنەوە، کارەبای نیشتیمانییان دەبڕدرێت.
کارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، ئاگاداری دانیشتووانی كۆمەڵگەكانی نیشتجێبوون دەكەنەوە، هەر ماڵێك كارەبایان هەیە و تاوەکو ئیستا بە رەسمی هاوبەشی كارەبایان نەكردووەتەوە، یان پسوڵەی كارەبایان بۆ نەچووەتەوە، لە ماوەی مانگێكدا لە بەرواری ئەم ئاگادارییەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دابەشكردنی كارەبا بكەن.
کارەبای سلێمانی ناوی ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونانەی لە لیستێکدا بڵاوکردووەتەوە و ئەوەشی خستووەتە روو، پێویستە ئەو کەسانەی بە رەسمی هاوبەشی کارەبایان نەکردووەتەوە، سەردانیان بکەن بۆئەوەی ناویان تۆمار بکرێت و هاوبەشی كارەبایان بۆ بکرێتەوە و پسوڵەیان بۆ چاپ بکرێت، بەپێچەوانەوە كارەباكانیان دەبڕدرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێک لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون هاوشێوەی گەڕەکەکان، هەردوو کارەبای نیشتیمانی و مۆلیدەیان هەیە و بە نۆرە کارەبایان پێدەدرێت.