سوپای توركیا بناری چیای گارەی لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك تۆپباران كرد، لە گوندی گوهەرزێش شەڕ لە نێوان سوپای توركیا و پەكەكە روویدا.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لە بەردەوامیی بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر سنوری ئامێدی، شەوی رابردوو تۆپخانەكانی توركیا لە زنجیرە چیای مەتیناوە چیای گارەیان تۆپباران كرد. هەروەها لە گوندی گوهەرزێی سەر بە ناحیەی دێرەلوك شەڕ لە نێوان سەربازانی توركیا و گەریلاكانی پارتی  كرێكارانی كوردستان - پەكەكە روویدا، ئەوەش لە دوای ئەوەی نزیك گوندەكە بنكەیەكی سەربازی توركیا دانرا.

پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، لە مانگی شەشی رابردوەوە تا ئێستا توركیا زیاتر لە 10 بنكەی لە سنوری ئامێدی دروستكردووە و سەربازانی تێدا جێگیركردووە .