لە هەولێر هاووڵاتیەک لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە، داوای 5 مۆبایلی جۆری ئایفۆنی کردووە، بەڵام لە جیاتی مۆبایل کلێنس و کاغەزیان بۆ ناردووە، پۆلیسی هەولێریش دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە رێگەی پەیجی ئۆنڵاینەوە، داوای پێنج مۆبایلی جۆری ئایفۆنی کردووە بە بڕی پێنج هەزار دۆلار کە کۆی پارەکەشی رادەست کردووە، بەڵام لە کاتی وەرگرتنی داواکارییەکەی بە دیلیڤەری، لەجیاتی مۆبایل کلێنکس و کۆمەڵێک کاغەزیان بۆ ناردووە و فێڵی لێ کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و دراوەتە دادگا.

هاوکات پۆلیسی پارێزگای هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی مامەڵە و کڕینی کاڵا و کەلوپەل بە شێوەی ئۆنڵاین، هۆشیار بن بۆ ئەوەی فێڵیان لێ نەکرێت.