شیروان میرزا: داهاتی ناوخۆی هەرێم بەشێوەیەکی یاسایی خەرج ناکرێت
١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت: نەبوونی یاسای بودجە لە هەرێم وایکردووە داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەکی نایاسایی و ناشەفافی بە بڕیاری کەسی خەرج بکرێت.
شیروان میرزا ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە میانی بەشداریكردن لە بەرنامەی پرسی رۆژی كوردسات نیوزدا رایگەیاند، نەبوونی یاسای بودجە وایکردووە نەزانرێت داهاتی حکومەتی هەرێم چەندە و چۆن خەرجدەکرێت.
شیروان میرزا ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یاسای بودجە لە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی هەموو لایەنەکان رێککەوتنی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا داهاتی ناوخۆ رێکبخرێتەوە و چیتر لە خەرجکردنیدا جیاوازی لە نێوان شار و شارۆچکەکاندا نەکرێت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بێت.
ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە لە هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە بودجە نەبووە، ئەمەش وایکردوە داهات و خەرجی لە هەرێم ناڕوون بێت.