سەنتەری میترۆ لەسەر دەستگیرکردنەوەی رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کوردسات نیوز
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤
دەقی پەیامەکەی سەنتەری میترۆ....
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەمە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤ ھێزێکی ئەمنی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی لەماڵەکەی خۆی دەستگیردەکەن و لەئێستادا لەبنکەی پۆلیسی ماڵتاوە بۆ زیندانی چاکسازی زرکا گواستراوەتەوە.
میترۆ تێبینی ئەوەی کردووە ڕۆژنامەنووسان ئەگەر کێشەیەکی یاساییان ھەبێت لە ڕۆژی پێنج شەمە دەستگیری دەکەن ، بۆئەوەی ڕۆژانی پێنج شەمە و ھەینی و شەمە بەدەستبەسەرکراوی بھێڵدرێتەوە، ئەمەش بەجۆرێک لە تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژنامەنوسان دەبینین پێش ئەوەی دادگایی بکرێت .
بەکارھێنانی ترس و تۆقاندن لە لایەن ھێزە ئەمنییەکان و سەرکوتکردنی مافی ڕۆژنامەنوسان بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان بە مەترسی دەبینین و بۆچی دەبێت بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی مۆبایل دەستگیربکرێت و یاسای ڕۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و لەکاتێکدا کە دەبوو خودی سکاڵاکار بیسەلمێنێت کە ووتەی ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی ڕاست نییە ، نەوەک بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت .
دەستگیرکردنی بەردەوامی ڕۆژنامەنوسان لەھەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستان کە ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە گەرەنتی دەکات.
ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە و لەگەڵ ھاوبەشەکانمان کاردەکەین بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان.



