ناتانیاهۆ مەرجی توند بۆ راگرتنی شەڕ دادەنێت و رایدەگەیەنێت: ئامانجمان هەڵوەشاندنەوەی حزبوڵا و کۆتاییهێنانە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر بەردەوامی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر لوبنان و ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران کردەوە.
ناتانیاهۆ رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە ناوچەی دابڕاو (Zone Buffer) لە باشووری لوبنان بەهێزتر بکەن. وتیشی: "هێزەکانمان لە گورزەکانیان بۆ سەر حزبوڵا بەردەوام دەبن و لە ئێستادا لە لێواری تێکشکاندنی تەواوەتی 'بنت جبێل' داین."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، لە دانوستانەکاندا دوو ئامانجی سەرەکییان هەیە؛ یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی گرووپی حزبوڵا و دووەمیان هێنانەکایەی ئاشتییەکی بەردەوام کە تەنها لە رێگەی "هێز"ەوە بەدی دێت.
سەبارەت بە تاران، نەتەنیاهۆ ئاشکرایکرد، هێشتا زووە بزانرێت ئەنجامی کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئێران بە چی دەگات، بەڵام جەختی کردەوە کە واشنتۆن بەردەوام وردەکاری پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران بە ئیسرائیل رادەگەیەنێت.
ئیسرائیل بە هەماهەنگی ئەمریکا هەوڵ دەدات بۆ دەرهێنانی مادە پیتێنراوەکان لە ناوخۆی ئێران و کار بۆ ئەوە دەکات توانای پیتاندنی ناوکی لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا بە یەکجاری هەڵبوەشێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چاودێری وردی وتووێژەکانی راگرتنی شەڕ لەگەڵ ئێران دەکەن، بەڵام هۆشداریدا کە "ئەگەر پێویست بکات، سوپا بە هێز و خێراییەکی زۆرەوە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان."