رەوەند مەلا مەحمود: داواکارین ئارامی و ئاسایشی کەرکوک بپارێزن
کوردسات نیوز
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکە...
جەماوەری بەشەرەفی شاری کەرکوک
ھاوڵاتیانی خۆراگر و کوردپەروەر
بەداخو نیگەرانییەکی زۆرەوە لە ڕووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی شارەکەمان دەڕوانین، کە بوە ھۆی لەدەستدانی چوار ڕۆڵەی نیشتمان پەروەر و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، جگە لە زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی و دەستگیرکردنی چەندین رۆڵەی بەوەفا، کە بەھەوڵی حزبەکەی خۆتان، لە ڕێگای تیمێکی پارێزەر و فشارەکانمان توانرا ئازادبکرێن.
ئێمە لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە خەمخۆری و دڵسۆزی ھاوڵاتیانمان بۆ شار و نیشتمانەکەمان تێدەگەین، بۆیە داواکارین، دوای قسە و کرداری ھەندێک لایەنی نەیاری شارەکەمان نەکەون و ئارامی و ئاسایشی کەرکوک بپارێزن و دانبەخۆتاندابگرن، تاکو ھیچ لایەنێک دڵسۆزی و وەفاداریتان بۆ شارەکامان نەقۆزێتەوە، چونکە لە دۆخی ئێستادا تێکدانی ئارامی و ئاسایش لە قازانجی میللەتەکەمان نییە بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتە ھۆی زیانێکی زۆر و بەسەربازگەکردنی گەڕەک و شەقامە کوردنشینەکان.
ڕەوەند مەلا مەحمود
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان