سەرۆکایەتی فەلەستین پلانی نوێی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلی شەرمەزار کرد کە تێیدا داوای دروستکردنی زیاتر لە سێ هەزار یەکە لە ناوچەیەکی جێناکۆکی نێوان "قودس و نیشتەجێبوونی مەعالیە ئەدۆیم" دەکات.
نووسینگەی محەمەد مستەفا سەرۆکوەزیرانی فەلەستین نەخشەیەکی بڵاوکردەوە کە "پلانی نوێی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە ناوچەی E1" نیشان دەدات.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەلەستین، نەبیل ئەبو رەدینە وتەبێژی سەرۆکایەتی فەلەستین جەختی لەوە کردەوە، پلانی تازە راگەیەندراوی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی "سێ هەزار و 401" یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی جێناکۆکی E1 کە دەکەوێتە نێوان قودس و نیشتەجێبوونی مەعالیە ئەدۆیم، تەنها دەبێتە هۆی پەرەسەندن و گرژی و ناسەقامگیری زیاتر.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو چالاکییەکانی نیشتەجێبوون و بیناسازی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قبوڵ ناکرێت و نایاسایین، بەتایبەتی بڕیاری ژمارە 2334ی ئەنجومەنی ئاسایش کە دووپاتیدەکاتەوە، "هەموو نیشتەجێبوونەکان لە کەناری رۆژئاوا بە قودسی رۆژهەڵات و تەواوی کەرتی غەززە نایاسایین".
هەروەها ئیدارەی ئەمریکای بە "بەرپرسیار" زانیوە لە راگرتنی داگیرکاریی ئیسرائیل و جەختی لەوە کردەوە "ئەم شەڕانە بێهودەن".