مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی: پارتی و چەند لایەنێکی شۆڤێنی کێشە بۆ ھاوڵاتیانی کەرکوک دروستدەکەن
کوردسات نیوز
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣
لە روونکردنەوەکەی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاتووە، ماوەی چەند رۆژێکە، بەمەبەست و سیناریۆی جۆراو جۆر، پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند لایەنێکی شۆڤێنی کەرکوک، کێشە و گرفت بۆ ھاوڵاتیانی کەرکوک درووستدەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لەگەڵ داخستنی رێگەی سەرەکی کەرکوک - ھەولێر نین و ھەوڵی جددییان داوە و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیان لێ ئاگادار کردووەتەوە، بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیە.
دەشڵێت، پارتی ھەوڵدەدات کێشەکان، ھەناردەی کەرکوک بکات، بەتایبەت کە روون بووەتەوە سەرجەم ئەو کەسانەی لە نێو خۆپیشاندانەکانن لە ھەولێرەوە ئاڕاستە دەکرێن، دەیانەوێت کێشە و پشێوی لەنێو نەتەوەکانی شارەکە درووستبکەن، بەڵام خەڵکی کەرکوک بە سەرجەم نەتەوە و پێکھاتە ڕەسەنەکانی زۆر ھوشیارن و لە مەرامی ناحەزان تێگەیشتون.
مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی ئاشکراشیکرد، پارتی و ئەو لایەنە شۆڤێنییە عەرەبی و تورکمانانە، کە ھاوپەیمان و دۆستی یەکترن، کێشەیان بارەگا نییە، چونکە لەئێستادا بارەگای لق و ناوچەکانی چۆڵکراون، بەڵام بەمەبەست ناگەڕێتەوە، دەیانەوێت بەو بیانووە ئاسایشی کۆمەڵایەتی کەرکوک تێکبدەن.
لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا دەڵێت، "جارێکی دیکە دڵنیایی بە ھەموولایەک دەدەین، کە ئارامی و خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیانمان ھێڵی سوورن، تەواوی ھەوڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، رێگە نادەین مەرامی نەیاران جێبەجێبکرێت و ئاژاوە و کێشە بۆ شارەکەمان درووستبێت."