جۆن ھاریس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەرچەندە ھیچ وادەیەک دیارینەکراوە، بەڵام ئەوان تائێستاش باوەڕیانوایە راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم کاتییە و حکومەتی ھەرێم دەتوانێت پابەندبێت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی تەممووزدا لە کێڵگەی شێخان دەستیان بە بەرھەمھێنانی نەوت کردووەتەوە و رۆژانە ٢٣ ھەزار و ١٠٠ بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بەرھەمدەھێنن، ھەر بەرمیلێک نەوتیش بە نزیکەی ٣٠ دۆلار دەفرۆشن.

پێشتریش کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان رایانگەیاندبوو، زیانەکانی راگرتنی نەوتی ھەرێم لە پێنج مانگی رابردوودا گەیشتووەتە چوار ملیار دۆلار، ھۆشداریشیان دابوو کە بەبێ گەرەنتی یاسایی و دارایی لەلایەن حکومەتی ھەرێم و عێراقەوە، ئامادەنین جارێکی دیکە دەست بە ھەناردەی نەوتی کوردستان بکەنەوە.