مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی راگەیەندراوێکی لەبارەی داخستنی رێگەی کەرکوک - ھەولێر بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٢٩ی ئابی ٢٠٢٣
مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو لەسەر رێگەی کەرکوک-ھەولێر دەڵێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی خیانەتی گەورەی ٣١ی ئاب و تای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پارتی بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو خیانەتە گەورەی دەرحەق بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردی، چەند رۆژێکە لە کەرکوک، بەبیانووی وەرگرتنەوەی بارەگاکەیان، جەنجاڵیەکی زۆریان بۆ کار و کەسابەتی ھاووڵاتیانی کەرکوک دروستکردووە.
دەشڵێت، ئەو لایەنانەی ئێستا رێگەی سەرەکیی کەرکوک - ھەولێر داخستووە، دۆستەکانی پارتین، ھەندێکیان لە ھەولێر دانیشتوون و ھەندێکیشیان لە بەغداد ھاوپەیمانی پرۆسەی سیاسیی ئەون .
باس لەوەشدەکات، پارتی لە عێراق جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ھەیە، ھەروەھا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و بەرپرسیارێتی لیژنە پەرلەمانییەکانی ھەیە، بەڵام لەم دۆسێیە، خۆیان حەشارداوە و بێدەنگییان ھەڵبژاردووە، کە ھیچ پێویستی بە ھاندانی نەتەوەیی و گرژی نێوان پێکھاتەکان نییە.
مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، ئاماژە بەوەشدەکات، پارتی تا دوێنێ بانگەوازی ئەوەی دەکرد بە شکۆ و بەئاڵای کوردستانەوە دەگەڕێتەوە، کەچی ئێستا ناتوانن بەرگریی لە بیناکەی خۆشیان بکەن، بۆیە داوا لە حکومەتی لۆکاڵی کەرکوک و ھێزەکانی سوپا و داوا لە پارتیش دەکەن ئەم بابەتە بە یاسا و دەستور نەک بە جەمسەرگیریی گرژی چارەسەر بکەن تاکو چیتر ھاووڵاتیانمان نەبنە قوربانی موزایەدە پێشوەختەکانی پارتی بۆ ھەڵبژاردن.