وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیری پەروەردە و د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبوونەوە و تێیدا نمرەی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بەھەرسێ بەشی زانستی و وێژەیی و پیشەیی کە ژمارەیان (٤٧٦٢٩) دەرچووە رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرا بەمەبەستی کارکردن لەسەریان لەچوارچێوەی سیستمی زانکۆلاین بۆ خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان.

لای خۆیەوە، وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئاراستەیان کراون کارییان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەستپێدەکرێن بۆ ئەوەی لە زووترین کات یوزەر و پاسوۆرد بۆ دەرچووان دروست بکرێن و ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە دەکرێنەوە، جەختیشی کردەوە کە سیستمی زانکۆلاین لەنزیکترین کاتدا کارا دەکرێت.