د. بڕیار رەشید: ھەنگاوەکانی بانکی ناوەندی کاریگەریی خۆیان دەبێت
کوردسات نیوز
١٣ی ئابی ٢٠٢٣
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لە لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ناجێگیریی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، پێشوازییان لە پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد و ھۆکارەکانی ناجێگریی بەھای دینار و ھەوڵەکانیان بۆ جێگیریکردنی خستەڕوو.
راشیگەیاند، کە پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاشکرایکردووە، کارکردنی بانکی ناوەندی بۆ جێگیرکردنی بەھای دینار بە دوو ئاڕاستە بەردەوامە، کە ئاسانکاری بۆ بازرگانان بۆ بەکارھێنانی سەکۆکان و توندکردنەوەی خاڵە سنوورییەکان و نەھێشتنی بەقاچاخبردنی دۆلار، بۆ ئەم مەبەستەش ھەماھەنگییان لەگەل ھەرێم دروستکردووە، ھەروەھا ئاماژەی بە بوونی بەقاچاخبردنی دۆلار کرد بۆ تورکیا.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی لەو بڕە پارەیە کرد، کە بۆ گەشتیاران تەرخاندەکرێت و وتی، ئەو برەی تەرخاندەکرێت بۆ گەشتیاران، کە بریتیە لە ۲۰ ملیۆن دۆلاری رۆژانە، نیوەی ئەو بڕە بۆ گەشتیارە و نیوەکەی تری بۆ بەدۆکۆمێنتی ساختە لەلایەن جامبازەکانی دراوەوە دەبرێت، ئەو کەسانە تووشی سزای یاسایی دەبن.
ئاشکراشیکرد، ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ جێگیرکردنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار و ھەنگاوەکانی بانکی ناوەندی کاریگەریی خۆیان دەبێت، ھەروەھا گفتوگۆیان لەسەر رێوشوێنێکی نوێ بۆ پێدانی دۆلار بەنرخی رەسمی بەمەبەستی گەشتیاری، نەخۆشی و خوێندن بۆ پارێزگای سلێمانی کرد.