ساڵح موسلیم: تورکیا کار بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ تورکمانەکان لە باکوری سوریا دەکات
هیوا
١٣ی ئابی ٢٠٢٣
ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بە میدیای نزیک لە ئیدارەی خۆسەری راگەیاند، تورکیا لە ئێستادا کار لەسەر نەخشەیەکی تایبەت بە تورکمان دەکات و دەیەوێت دەوڵەتێکیان لە باکور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆ دروست بکات، بۆیەش لەو ناوچانە چەندین بنکەی راھێنانی بۆ چەکدارکردنی خەڵک کردووەتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، حکومەتی سوریا ناتوانێت و کاریش بۆ ئەوە ناکات ھێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی بکاتەدەرەوە چونکە لەژێر کاریگەری سیاسەتی وڵاتانی وەک روسیا و ئێرانە، ئەو دوو وڵاتەش بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیا ھەیە و کار بۆ ئەوە ناکان ئەنقەرە ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە. بۆیە بابەتەکە ئاڵۆزە و تەنھا بە یەکێتی ناوخۆیی و تێکۆشانی بەردەوام بەدیدەھێنرێت.
ھاوسەرۆکی پەیەدە وتیشی، لێدوانەکەی سەرۆکی سوریا کە کشانەوەی تورکیای کردووە بە مەرج بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان، لێدوانێکە و باوەڕی وایە دیمەشق ھێز و توانای ئەوەی نییە بە تەنھا سوپای تورکیا پابەندی کشانەوە بکات.