وەزیری پەروەردە لە بەرژەوەندی مامۆستایانی وانەبێژ بڕیارێکی دەردەکات
کوردسات نیوز
١٠ی ئابی ٢٠٢٣
لە نوسراوێکدا کە ئیمزای ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی ھەرێمی لەسەرە و رۆژی ٩ـی ئاب دەرچووە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە تیایدا ئاماژەی بەوەکراوە، ھەرکاتێک مامۆستایەکی وانەبێژی دانەمەزراو، وانەی پێویستی نابێت بۆ ئەوەی لە خوێندنگاکەیدا بیڵێتەوە، نابێت خوێندنگاکەی پێیان بڵێت کە کاریان تەواوبووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو مامۆستایانەی کە وانەی پێویستییان نییە دەبێت خوێندنگاکە نوسراوێک بۆ پەروەردەی قەزاکەی بکات و تیایدا وردەکاری بڕوانامە و ساڵانی خزمەتی مامۆستاکە بخاتەڕو، تا پەروەردەی قەزاکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی لە خوێندنگاکانی دیکە سود لە بوونی ئەو مامۆستایە وەربگرن.
وەزیری پەروەردە دەشڵێت، بەھۆی دەستبەکاربوونی ژمارەیەک مامۆستا وەک سەرپەرشتیار و بوونی ژمارەیەکی بەرچاو مامۆستا کە مۆڵەتی دایکایەتی و بێ موچەیان کردووە، پێویستیان بە مامۆستایانی وانەبێژ ھەیە و تا ٤ی مانگی داھاتووش سەرجەمیان شوێنەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە.