سێ لیوای دیکەی یەکەی ٧٠ گواسترانەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە
هیوا
١٠ی ئابی ٢٠٢٣
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لیواکانی ٢٦، ٢٨، ٣٠ـی سەر بە فەرماندەیی ھێزەکانی (٧٠) خراونەتەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و لە رۆژی دەرچوونی فەرمانی گواسنتەوەیان، فەرمانەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی ھەرێم و بەردەوام لەلایەن سەرۆکایەتیەکانی ھەرێم و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەسەر دەکرێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەم قۆناغەدا چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە گرنگترینە و دواخستنیشی مەترسیدارە بۆ ھەرێم، ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگەش وەک خۆی بمێنێتەوە و ھێزێکی پیشەیی نیشتمانی بەدوور لە دەستێوەران دروستنەکەین، ھەردەم مەترسی ھەیە بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر.