دانە غاز بەرھەمی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات
رێبوار
٩ی ئابی ٢٠٢٣
کۆمپانیای دانەغاز لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجی کۆمپانیاکەیان بەڕێژەی ٢٥% کەمیکردووە و بۆ ٨٣ ملیۆن دۆلار دابەزیووە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو١١١ ملیۆن دۆلار بووە، پاشەکشەش لە دەرئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت و ئەو داکشاندنە زیادەیە بووە کە لە فرۆشتنی غازی ھەرێم کردوویانە، بەجۆرێک کۆمپانیاکە دەستیکردووە بە فرۆشتنی غازی کۆندێنسەیت بە لایەنە ناحکومییەکان لەکاتێکدا کۆمپانیاکانی دیکەی نەوت کە لە ھەرێم کاردەکەن بەرھەمھێنانی نەوتیان راگرتووە.
راشیگەیاندووە، ئاستی بەرھەمھێنانی کۆمپانیاکە لە ھەرێم بەرێژەی ٦% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٣٦ ھەزار و ٤٠٠ بەرمیل نەوت، پێشبینیشدەکات لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ پڕۆژەی کۆرمۆر ٢٥٠ تەواو ببێت کە بە تەوابوونیشی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجای رۆژانە بۆ تێکڕای بەرھەمی وێستگەکە زیاد بکات و بگاتە ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا.
کۆمپانیای دانەغاز ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم دواییانەدا کۆمپانیای بیرڵ پترۆلیۆم ١٠١ ملیۆن دۆلاری شایستە داراییەکانی لە حکومەتی ھەرێم وەرگرتووە، ھەروەھا گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ھەرێم کراوە بۆ پاکتاوکردنی سەرجەم شایستە داراییە نەدراوەکان لە زووترین کاتدا.