لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٨٠٠ خێزانی ئاوارەی ئێزدی گەڕاونەتەوە شنگال
لاڤە
٩ی ئابی ٢٠٢٣
پیردیان جەعفەر، بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، ٨٠٠ خێزانی ئاوارەی ئێزدی کە لە چوار ھەزار کەس پێکدێن، گەڕاونەتەوە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری.
پێشتریش "ئیڤان فایەق" وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاندبوو، ١٠٠ ئاوارەی ئێزدی لە کەمپەکانی پارێزگای دھۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە شنگال.
بە وتەی "ئیڤان فایەق"، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکومەتی عێراقدایە بۆ کۆتاییھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی.
بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٦٦٤ ھەزار ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان دەژین، ٤٩٠ ھەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکان و زیاتر لە ١٧٤ ھەزاریان لە ٢٥ کەمپدان.