داوا دەکرێت ھەرێم و عێراق رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن
کوردسات نیوز
٥ی ئابی ٢٠٢٣
خەیری بوزانی لێپرسراوی نوسینگەی رزگارکردنی ئێزدییەکان بە رۆژنامەی سەباحی رەسمی عێراقی رایگەیاندووە، لە نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ەوە ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال ئیمزاکرد، بەڵام تائێستا ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە و بەھۆیەوە تائێستا نزیکەی ١٣٦ ھەزار ئاوارەی ئێزدی لە ناو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین و زیاتر لە ١٨٩ ھەزاریشیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
وتیشی، ئێزدییەکان لەگەڵ ئەوەدان و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان بەتایبەتیش بۆ سەنتەری قەزای شنگال، بەڵام بەھۆی خراپی رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەشێک لەوانەشی گەڕاونەتەوە جارێکی تر شنگالیان بەجێھێشتووەتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ ناو کەمپەکان.