ئەو زاوایەی خەزور، خەسوو و هاوسەرەکەی کوشت دەستگیرکرا
کوردسات نیوز
٤ی ئابی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی ٣ـی ئاب لە گەڕەکی کەرامەی شاری کەرکووک تۆمەتبارێک بە چەک ھێرشیکردە سەر ماڵی خەزووری و دەستڕێژی گولـلـەی لێکردن و بەھۆیەوە ھاوسەر و خەسوو و خەزوورەکەی کوشت، بۆیان دەرکەوت کە تۆمەتبارەکە ھاتووەتە شاری ھەولێر.
باسی لەوەشکردووە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر، تواندرا تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکرێت و بەھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی بازگەکان دەستگیربکرێت، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەش، رێکارە یاساییەکان گیراوەتەبەر.
ھاوکات لیوا کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لەرێگەی ھەماھەنگی زانیاری نێوان پۆلیسی کەرکوک و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ھەرێمەوە بووە.
وتیشی، تۆمەتبارەکە لە سنوری ھەولێر دەستگیرکراوە و لەئێستادا لەژێر دەستی ھێزە ئەمنیەکانی ھەرێمدایە و لەچەند رۆژی داھاتووشدا بەڕەسمی رادەستی پۆلیسی کەرکوک دەکرێتەوە.