وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دوای دەرچوونی فەرمانی ھەرێمی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لەگەڵ پاشکۆی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت.

ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان، خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلولی ھەردوو ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانی وەزاری بۆ دەرچوو.

فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاند، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆئەوەی بە زووترین کات خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی ھێزەکانی(٧٠ و ٨٠) وەک دیوانی وەزارەت، رێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت و فەرمانی پلە بەرزکردنەوەی ئەوانیش دەربچێت.

ھاوکات سەرۆکی ئەرکان دڵنیایشیدا، کە کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢و نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٣ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و بەپێی پێویست و لە کاتێکی گونجاودا، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەی ئەوانیش دەردەچێت.