وەفدێکی پارتی چەپی سەوزی ھۆڵەندی سەردانی یەکێتی دەکەن
١ی ئایاری ٢٠٢٣
لەکۆبوونەوەیەکدا، کە بەختیار بەکر نوێنەری یەکێتی لە ھۆڵەندا، ئامادەی بوو و یاوەری وەفدە ھۆڵەندییەکەی دەکرد، باس لە پەیوەندی دوو قۆڵی و چەندین بابەتی گەرماوگەرمی سیاسی کران، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، پێداگرییان کرد لە پشتیوانی یەکتری ھێزە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان بەشێوەیەکی گشتی لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشە ھێشتا بەدینەھاتووەکان. ھەر لەم کۆبوونەوەیە، دکتۆرە کەنار فازل ھیدایەت ئەندامی ئەنجومەنی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی، سەبارەت بە ڕەوش و پێگەی ژنان و گەنجان لەناوچەکە بابەتێکی شیکاری پێشکەش بە میوانەکان کرد و ئامەژەی بە ڕۆڵ و پێگەی ئێن جی ئۆکان کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەی وەفدەکەی پارتی چەپی سەوزی ھۆڵەندی و یەکێتی لەشاری ھەولێر، پاش گۆڕینەوەی بیروڕا و قسەکردن لەسەر دوا پێشھاتە سیاسیەکان لەناوچەکە، بڕیاردرا درێژە بەم پەیوەندیانە بدرێت و سەردانی دوولایەنە بەردەوامی ھەبێت لەنێوانیاندا و بەشداری لە چالاکییە فراوەنەکانی یەکتربکەن. شایەنی باسە پێشنیاری کار و پڕۆژەی ھاوبەش لەنێوان یەکێتی و پارتی چەپی سەوزی ھۆڵەندی بەمەبەستی کردنەوەی خول و ڕاھێنانی ئەندامانی یەکێتی و بەشداری کردن لە کۆنفڕانس و چالاکییەکانی پەیوەست بە کاروباری دەرەکی پەسندکرا.
بەختیار بەکر نوێنەری یەکێتی لە ھۆڵەندا سەبارەت بە پارتی چەپی سەوز ڕایگەیاند: پارتی چەپی سەوز پارتێکی سیاسی ھۆڵەندییە و واژۆی چەپی پێشکەوتنخوازانەی ھەیە. پارتی چەپی سەوز لە ساڵی ١٩٩٠ دوای یەکگرتنی چوار پارتی چەپ دامەزراوە کە بریتین لە PPR، PSP، CPN و EVP. ژمارەی ئەندامەکانی پارتەکە ٣٣ ھەزاری تێپەڕاندووە کە زۆربەیان گەنجن. لە پەرلەمانی ھۆڵەندا و پەرلەمانی ئەوروپا فڕاکسیۆنەکانیان کاران و ئەندامی بڵۆکی سەوزەکانن. لەسەر ئاستی شارەوانییەکانی ھۆڵەندا ٥٣٧ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییان ھەیە. پۆستی پارێزگاری ئەمستەردام لەم پارتەیە و بەیەکێک لە پارەتە ھەرە خاوەن پێگە جەماوەرییەکان ھەژمار دەکرێن.