بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسانەی مافی گەشتکردنیان ھەیە بۆ حەج، رۆژی سێشەممە دووی ئەم مانگە سەردانی نوسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان و رادەستکردنی پارەی تێچووی حەجەکەیان.

راشیگەیاند، ئەمساڵ بە پاڵپشتی وەزارەتی ئەوقاف تێچووی حەج کەمکراوەتەوە، بەجۆرێک تێچووی ھەر حاجییەک بە رێگەی ئاسمانی لە چوار ھەزار و ٥٧١ دۆلارەوە بووەتە چوار و ٥٠٠ دۆلار، ھەروەھا بە رێگەی وشکانی لە سێ ھەزار و ٨٧٣ دۆلارەوە، بووەتە سێ ھەزار و ٨٠٠ دۆلار.

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی ھەرێم راشیگەیاند، بۆئەوەی تێچووی حەجی ئاسمانی و وشکانی لەسەر ھاووڵاتیان کەمبکرێتەوە و نرخەکەش ھاوتا بێت لەگەڵ ئەو نرخەی، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی دیاریکردووە، وەزارەتی ئەوقافی ھەرێم، بە بڕی ٣٣٠ ھەزار دۆلار پاڵپشتی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ دەکات.

ھاوکات ئەمساڵ بۆ یەکەم جار بەرێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان، ٦٩٠ حاجی دەگوازێتەوە و حاجیان سەرپشکن لەوەی بە رێگەی ئاسمانی یاخود وشکانی گەشت بکەن، بەپێی ئەو رێژەیەی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەکان دیاریکراوە.