جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری پلاندانان و گوێگرتن لە روونکردنەوەکانی، بۆیان دەرکەوتووە دەبێت بودجەی وەبەرھێنان وەک خۆی بمێنێتەوە و ئەگەر کەمکردنەوەیەکیش لە پرۆژەیاسای بودجەدا ھەبێت، پێویستە لە بودجەی بەکاربردن بێت و بەھیچ شێوەیەکیش دەستکاری مووچە ناکرێت.

راشیگەیاند، پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراقدا ١٢.٦٧ دەبێت تا ئەو کاتەی سەرژمێریی گشتی ئەنجام دەدرێت و وەزیری پلاندانانیش وتویەتی لە بودجەدا بڕگەیەک جێگیرکراوە بە مەبەستی تەرخانکردنی بودجە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی و ھەر کاتێکیش تەواو بوو بەپێی ژمارەی دانیشتووان گۆڕانکاری لە بەشە بودجەی ھەرێم و پارێزگاکانیش دەکرێت بە کەمکردنەوە یان زیادکردن.